دەزگای سەرەکیی دارایی داعش لە مووسڵ دەسووتێنرێت
رۆژی سێشەممە 6ـی ئەیلوولی 2016، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە دەزگای دارایی داعش لە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمیی لە ناوەڕاستی مووسڵ بوو.
سەرچاوەکە هەروەها رایگەیاندووە، کە تاوەکو ئیستا نازانرێ کێ دەستی لە ئاگر کەوتنەوەکە هەیە، کە زیانێکی گەورەی دارایی لە داعش داوە، بەڵام چەکدارانی داعش بەرپرسی دارایی رێکخراوەکە و پێنج لە یاریدەدەرەکانیان دەستگیر کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ئاگر کەوتنەوەکە، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی داعشیش ئاگری گرتووە، کە لە باڵەخانەکە نزیک بووە و بووەتە هۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆگاکە.
چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
