وەزارەتی دارایی عێراق بەیاننامەیەکی لەسەر شەش ملیار دۆلارە حەواڵەکراوەکە بڵاوکردەوە
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ ٣ی ئەیلول بڵاویکردەوە ئاماژە بەوە دەکات "هەمان ڕۆژ داواکاری گشتی ئاگادارکراوەتەوە لە ناوی ئەو کەسەی کە بڕە پارەیەکی خستووەتە سەر حسابێکی بانکی لە دەرەوە و وێنەیەک لە ڕاپۆرتەکە و سەرجەم سەرەتاکانی دۆسیەکەیان پێشکەش کردووە".
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە "ئەو ڕاپۆرتەی کە وەزیری دارایی ئاشکرایکرد لەگەل هەموو سەرەتاکانی و سیدیەک لەکاتی دیدارێکی لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان، لە ساڵی ٢٠١٥وە لەلای دەستەی نەزاهە و دادگای تایبەت بە سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ئابووری بوونی هەیە".
لە کۆتایی بەیاننامەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەوەی کە وەزیری دارایی باسیکرد سەبارەت بەوەی کە پەرلەمانتار هەیسەم جبوری بەدواداچوونی نەکردووە بۆ بابەتێکی وا گرنگ، کە لەلایەن سەرۆکایەتی لیژنەی داراییەوە دەرکراوە و ناوبراویش ئەندامە تیایدا، بە پێچەوانەوە جبوری خۆی تەرخانکردووە بۆ ناردنی داوا و یاداشتنی زۆر بێ بایەخی دارایی ئەوتۆی تایبەت بۆ بەبەئامانجگرتنی سیاسی لەڕێگەی لێپرسینەوە لەڕێگەی پەرلەمانەوە و گوێ پێنەدان بە ڕاپۆرتێکی واترسناک و بەپەلە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، کەسیک هەستاوە بە حەواڵەکردنی بڕی شەش ملیار و ٤٥٥ ملیۆن دۆلار بۆ سەر حسابی تایبەتی خۆی لە بانکێکی دیاریکراو.
NRT -
