عەبادی وادەی رزگار کردنەوەی مووسڵ ئاشکرا دەکات

 عەبادی وادەی رزگار کردنەوەی مووسڵ ئاشکرا دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق وادەی رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، لە پێناو میللەتەکەی و مرۆڤایەتیی شەڕی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەکات.

رۆژی شەممە 3ـی ئەیلوولی 2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە میانەی وتارێکیدا لە کۆنگرەی شەشەمی (تیدێکس بەغدا)، کە گرنگیی بە داهێنەران و بیرتیژان دەدا، رایگەیاند، کە سوپا و هێزە عێراقییەکان سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەسەر داعشدا تۆمار کردووە.

حەیدەر عەبادی هەروەها رایگەیاند، کە هێزە عێراقییەکان لە پێناو گەلەکەیان و مرۆڤایەتیی شەڕی دژی داعش دەکەن و وێڕای گەرمیی کەشوکەوا، "گەنجانمان درێژەیان بە شەڕەکە داوە و شکستیان بە داعش هێناوە".

سەرۆک وەزیرانی عێراقی وادەی رزگار کردنەوەی مووسڵی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵی 2016، شاری مووسڵ و دانیشتووانەکەی بە تەواوی رزگار دەکرێنەوە.

چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.













باسنيوز
Top