900 ئاوارەی عێراق لە سووری دەگەڕێنەوە
ئەحمەد عەبدوڵڵا پارێزگاری سەڵاحەدین ئاشکرای کرد 900 ئاوارەی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا لە سووریاوە، بەڕێگەی هەرێمی كوردستاندا گەڕاونەتەوە عێراق.
ئەحمەد عەبدوڵڵا رایگەیاند "کۆمەڵیک لە ئاوارەكانی هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا كە لە كەمپی ئاوارەكانی ئەلهول لە پارێزگای حەسەكە لە باكووری سووریا نیشتەجێ بوون، لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە گەڕانەوە عێراق".
پارێزگاری سەڵاحەدین ئاماژەی بەوە كرد ئەو ئاوارانە كە لە سووریاوە گەڕاونەتەوە ژمارەیان 900 كەسە، گوازراونەتەوە بۆ سنووری پارێزگای سەڵاحەدین و خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین كراوە.
ئەو پارێزگارە ئاشکرای کرد سەبارەت بە نیشتەجێكردنی ئەو ئاوارە عێراقییانەی روویان لە باكووری سووریا كردووە، دوای گەڕانەوەیان، لە كەمپی ئاوارەكانی سەڵاحەدین یان کەمپەکانی هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی تەواو هەیە.
باسنيوز
