هۆشیار زێباری: ئەندامانی دەوڵەتی یاسا و مالیکی لەپشت لێپرسینەوەکەی منن

هۆشیار زێباری: ئەندامانی دەوڵەتی یاسا و مالیکی لەپشت لێپرسینەوەکەی منن
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دەوڵەتی یاسا لە پشت لێپرسینەوەکەیەتی لە پەرلەمانی عێراق و بە دووری نازانێت مالیکی لە پشت جوڵاندنی ئەو پرسە بێت و دەڵێ بەوەندەش ناوەستن، چونکە ئامانجیان بەتەنیا ئەو نییەو دوای ئەو، روو لە سەلیم جبووری و حەیدەر عەبادەی دەکەن و لە کۆتاییدا هەوڵی پەکخستنی حکومەت دەدەن.


هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق لە دیدارێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ میدیا عێراقییەکان، لەسەر پرسی لێسەندنەوەی متمانە لێی رایگەیاند: "ئەو
بەدووری نابینم مالیکی لەپشتی جوڵانی ئەو پرسەوە بێت
واژۆیانەی لەسەر من کۆکرانەوە، زۆربەیان لە ئەندامانی دەوڵەتی یاساوە بوون، بە دڵنیاییەوە ئەگەر لەپشتییەوە هاندانێک نەبێت، ئەو کارە ناکرێت، مالیکی هاوڕێمە و رێزی لێدەگرم، راستە لەڕووی سیاسییەوە جیاوازیمان هەیە، بەڵام لە راستیدا بە دووری نابینم لە پشتی جوڵاندنی ئەو پرسەوە بێت، هەڵوێستی مالیکی لە بەرامبەر من شتێکە و هەڵوێستی فراکسیۆنەکەشی لە پەرلەمان شتێکی دیکەیە".

هۆشیار زێباری، دەڵێت: "دەتوانم بڵێم دەوڵەتی یاسا لە پشت ئەو پرۆسەیەیە، بەوەندەش ناوەستن، من کێشەم نییە، بەرگری لەخۆم دەکەم، دەچم
ئامانجەکە سەلیم جبووری و حەیدەر عەبادییە
بۆ ئەوەی متمانەم لێوەربگرنەوە، ئەو رێکارانەی رووبەڕووم دەکرێنەوە، ئامانجەکە بەس تەنیا من نیم، ئامانجەکە سەلیم جبووری و حەیدەر عەبادییە، دەیانەوێت بە من تاقی بکەنەوە و بزانن هەوڵەکانیان سەردەگرێت یان نا، بۆ ئەوەی حکومەت پەکبخەن".

زێباری باسی دانیشتنەکەی پەرلەمان و لێپرسینەوەکەی دەکات و دەڵێ "کاتێک بۆ لێپرسینەوە بانگیان کردم پێشوازیم لێکرد، بەهیچ شێوەیەکیش
هەوڵمدا بەشێوەیەکی لۆژیکی و بە بەڵگە وەڵام بدەمەوە
داوای دواخستنی ئەو پرۆسەیەم نەکرد، چووینە دانیشتنی پەرلەمان راستییەکانمان بۆیان روونکردەوە و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانمان دایەوە، لێپرسینەوەکە چی بوو؟ تۆمەت بوو، منیش هەوڵمدا بەشێوەیەکی لۆژیکی و بە بەڵگە وەڵام بدەمەوە".

وەزیری دارایی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەو پرسیارانەی هەیسەم جبووری لەمنی کرد، ویستی راستییەکان بشارێتەوە و سەر لە خەڵک بشێوێنێت، ئەوەش جێگەی قبووڵکردن نییە، راستییەکان چۆنە دەبێت وا بخرێنەڕوو، من لە هەیسەم جبووری دەپرسم، کە ئەندامی لیژنەی داراییە، بەپێی راپۆرتێک کە لەبەر دەستمە و، لەلایەن خوالێخۆشبوو، دکتۆر ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی داراییەوە پێشکەشم کراوە، تەنیا کەسێک 6 ملیار و 455 ملیۆن دۆلاری بۆ سەر هەژمارەکەی بۆ بانکێک گواستووەتەوە، ئەوە بە بەڵگە لەبەر دەستمە، ئەو پارەیە هی گەلە، هەیسەم جبووری، ئەندامی لێژنەی داراییە، ئەو راپۆرتەی پێگەیشتووە نابێت بەدواداچوونێک بکات؟ بزانێت ئەو پارەیە بۆ کوێ چووە، کێ لێی بەرپرسیارە، ئەوە پارەی خەڵکە، دەشپرسم بۆچی هیچ بەدواداچوون و چاودێرییەکی ئەو دۆسیەیەی نەکردووە، کە بە بەڵگەوە پێشکەشی کراوە، بۆچی؟".

بە گوتەی زێباری "هەیسەم جبووری پیاوێکی بەعسی بووە، هەتاوەکو 2003 جلی زەیتوونی لەبەر بوو، من هیچ کێشەیەکی کەسییم لەگەڵ ئەو پیاوە
هەیسەم جبووری پیاوێکی بەعسی بووە
نییە و بە پێچەوانەوە رێزی لێدەگرم".


وەزیری دارایی عێراق، ئاماژە بەوەش دەدات "ئەو پرسیارانەی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان لێم کران لەکاتی
لە کۆی 11 پرسیار تەنیا پرسیارێکیان لەسەر دۆخی دارایی بوو
لێپرسینەوەکە، لە کۆی 11 پرسیار تەنیا پرسیارێکیان لەسەر دۆخی دارایی بوو، ئەوەی دیکە هەمووی شەخسی و لایەنی سیاسی تێدابوو".


بە گوتەی زێباری "ئەوەی ئێستا لە پەرلەمان دەکرێت شەڕێکی سیاسییە و هەموو چەکەکانیان بەکاردەهێنن،
ئەوەی ئێستا لە پەرلەمان دەکرێت شەڕێکی سیاسییە
وەزارەتەکان بە گەندەڵ دادەنێن، لەگەڵ ئەوەش لایەنی بەرامبەر مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و راستییەکان روونبکاتەوە".


هۆشیار زێباری، ئەوە دەخاتەڕوو، کە دۆخەکە بەو جۆرەش نییە کە پێشبینی دەکرێت، " بەڵکو دەزانین هاوپەیمانێتی هەیە، را و بۆچوون و
یەکێتییەکان زۆرینەیان لەگەڵ ئێمەن
هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە هەیە، ئەو هاوپەیمانیانە هەن لە هاوپەیمانی نیشتمانی، لە لایەنە شیعییەکان، لە لایەنە سوننییەکان، هەتا لەنێو کوردیش هەن لەگەڵ ئێمە جیاوازن، چەند پەرلەمانتارێکن رێزمان بۆیان هەیە، بە تایبەتی گۆڕان، یەکێتییەکان زۆرینەیان لەگەڵ ئێمەن، ئیسلامییەکانیش یەک دووانێکیان لەگەڵ ئێمەن و یەک دووانێکیان لەگەڵ ئێمە نین، ئەوەش کێشە نییە".


زێباری، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئێستا "سەلیم جبووری بە ئامانجکراوە بۆ ئەوەی دووری بخەنەوە، 148 واژۆ لە دژی کۆکراوەتەوە، ئەگەر ئێمە بچینە
ئەم دۆخە خزمەت بە پەرلەمان ناکات
پاڵیان دەڕوات بۆ 165 واژۆ، بەو شێوەیە هەموو وەزارەتەکان کراونەتە ئامانج، بەو رێگەیەش وەزیر لەدوای وەزیر بانگدەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، یان پەکیدەخەن یان دەریدەکەن، ئێمە بەکوێ دەگەین؟ پەرلەمان ناتوانێت کابینەیەکی نوێ هەڵبژێرێت، ئەم دۆخە خزمەت بە پەرلەمان ناکات، بەو شێوەیە پەرلەمانیش لەکار دەکەوێت".

هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد "وڵاتانی کاریگەری وەکو ئەمریکا و ئەوروپا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو قەیرانە بەردەوامەی عێراق دەکەن، ئەوەی لە عێراق روودەدات کاریگەری لەسەر ئەوان دەبێت و، نایانەوێت سەقامگیری عێراق تێکبچێت، بەو رێگایە مامەڵە لەگەڵ حکومەت بکرێت".




rudaw
Top