ئەنجوومەنی شورای موسڵ نامەیەکی تایبەت بۆ ئەبوبەکر بەغدادی دەنێرن

ئەنجوومەنی شورای موسڵ نامەیەکی تایبەت بۆ ئەبوبەکر بەغدادی دەنێرن
ئەنجوومەنی شورای موسڵی رێکخراوی داعش نامەیەکی تایبەتی بۆ ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی رێكخراوەكە ناردووە و باسی خراپی دۆخی خۆیان بۆ بەغدادی و داوای چارەسەر دەکەن.



سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە 31-8-2016 ئەنجوومەنی شورای موسڵی داعش کۆبووەتەوە و نامەیەکی تایبەتیان لەبارەی دۆخی خراپییان لە شارەکەدا و بەرەکانی شەڕ بۆ ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش ناردووە.



سەعید مەموزینی ئاماژەبەوەدەکات، لە نامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، زیاتر لە هەزار و 500 چەکداریان کوژراون و ژمارەی چەکدارەکانیان کەمبووەتەوە، ئێستاش کێشەی چەکداری خۆکوژیان هەیە، بۆیە بەناچاری پەنایان بۆ منداڵان بردووە، تاوەکو کردەوەی خۆکوژی پێ ئەنجامبدەن.



بەرپرسی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی دەشڵێت "لەو نامەیەدا باس لە لاوازی و دۆخی خراپی بەرەکانی شەڕ کراوە، میحوەری باشیک-یان بە لاوازترین بەرەی رووبەڕبوونەوەی خۆیان داناوە، بە جۆرێک باس لەوەدەکەن، کە ئەگەر پێشمەرگە بیەوێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت پێشڕەوی بکات".



وەک مەموزینی باسی دەکات، هەر لەو نامەیەدا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانی گیانی چەکدارەکانیان، ئەنجوومەنی شورای موسڵ پێشنیازی بۆ بەغدادی کردووە، کە هێزەکانیان لە دەشتی نەینەوا پاشەکشەبکەن و، لە نێو شار موسڵدا بەرگریی بکەن.
RUDAW -
Top