هەیسەم جبووری 100 واژۆی لە دژی هۆشیار زێباری کۆکردووەتەوە

 هەیسەم جبووری 100 واژۆی لە دژی هۆشیار زێباری کۆکردووەتەوە
هەیسەم جبووری، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا یاداشتێکی بە واژۆی 100 پەرلەمانتاری عێراقی ئاراستەی سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە و تێیدا داوا دەکات وەرگرتنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی بخاتە دەنگدانەوە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت، هیچ پەرلەمانتارێکی کورد، واژۆی لەسەر یاداشتەکە نەکردووە.

د. تارق گەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند "بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین رێگری لە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی عێراق بکەین و لەوبارەوە تەواوی تواناکان دەخەینەگەڕ".

تارق گەردی بە دووریزانی، وەرگرتنەوەی متمانە لە زێباری، وەک خالید عوبەیدی ئاسان بێت.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە دەنگی 142 پەرلەمانتار متمانەی لە خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق وەرگرتەوە.

لە دانیشتنی رۆژی 27-8-2016ی پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان وەڵامەکانی ھۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق رەتکرانەوە، كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستەكەی وەرگرتووە و بڕیارە جارێكی دیكە زێباری بانگهێشتی پەرلەمان بكرێتەوە.


رووداو-
Top