داعش 8 هێرشی خۆكوژی دەكاتەسەر سوپای عیراق لە شەرگات

داعش 8 هێرشی خۆكوژی دەكاتەسەر سوپای عیراق لە شەرگات
رێكخراوی داعش رایگەیاند چەكدارانیان 8 هێرشی خۆكوژییان كردۆتەسەر سوپای عیراق لە باشوری رۆژئاوای شەرگات، 7 لە خۆكوژەكانی داعش عیراقی بوون، ئەوەش دوای شكستە بەردەوامەكانی ئەو رێكخراوەدێت لەبەرەكانی شەڕ لەو ناوچانە.

ئەكاونتەكانی داعش لە تۆڕی تەلەگرام بڵاویانكردەوە، دوێنێ هێرشیان كردوەتەسەر سوپای عیراق لە باشوری رۆژئاوای شەرگات‌و سەرەتای هێرشەكانیان بە 4 تەقینەوەی خۆكوژی بووە، چەند وێنەیەكی خۆكوژەكانیشیان بڵاوكردووەتەوە.

داعش دەڵێت ئەبو وەلید عیراقی، ئەبو عومەر عیراقی، ئەبو عوبیدە عیراقی‌و ئەبو جەعفەر عیراقی، بە ئۆتۆمبێلی بۆمب رێژكراو سوپای عیراقیان لەنزیك دووڕیانی ئەلخەزرو دووڕیانی گەیارە كردووەتە ئامانج.

ئەبو نەجم عیراقی، خۆكوژی داعش:
هەروەها ئەبو حارس عیراقی بەهەمان شێوە ئۆتۆمبێلە بۆمب رێژكراوەكەی تەقاندوەتەوە بە سوپای عیراقدا لە تلول ئەلباج‌و ئەبو ئوسامە ئەردەنی بەهەمانشێوە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكەی تەقاندوەتەوە لەناو گردبونەوەیەكی سوپای عیراق لە دووڕیانی ئەلخەزر.

داعش دەڵێت بەهۆی ئەو هێرشانەوە "دەیان"كەس لەسوپای عیراق كوژراون‌و برینداربوون.

ئەبو عومەر عیراقی، خۆكوژی داعش:
لەدرێژەی كردەوە خۆكوژییەكانی چەكدارانی داعش، ئەبو ئوسامە عیراقی‌و ئەبو نەجم عیراقی بەهەمان شێوە بە ئۆتۆمبێلی بۆمب ڕێژكراو خۆیان بە سوپای عیراقدا تەقاندۆتەوە لە هەردوو گوندی ئەلمالحەو عبید ئەلسایل لەنزیك دوڕیانی ئەلخەزر، هەر بەپێی ئەكاونتەكانی داعش لە تەلەگرام.

ئەبو ئوسامە عیراقی، خۆكوژی داعش:

هێرشە خۆكوژییەكانی چەكدارانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لەكاتێكدایە ماوەی‌ چەند مانگێكە داعش روبەڕوی‌ شكستی‌ گەورە بووەتەوە لەعیراق و سوریا، لەعیراق شاری‌ فەللوجەو لە سوریا شاری‌ مەنبەجی‌ لەدەستداوە.

داعش لە حوزەیرانی‌ 2014 توانی‌ شاری‌ موسڵی‌ ناوەندی‌ پارێزگای‌ نەینەوا كۆنتڕۆڵبكات، دوای‌ كەوتنی‌ سوپای‌ عیراق لەشارەكە.

هێزەكانی‌ پێشمەرگەو سوپای‌ عیراق لەچەند هەفتەی‌ رابردوودا بەرەو دەوروبەری‌ موسڵ پێشڕەوی‌ زیاتریان كرد، ئەوەش لەگەڵ نزیكبونەوەی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ رزگاركردنی‌ شارەكە.

پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو ئەمساڵ كۆتایی بە چەكدارانی داعش دەهێنن لەعیراق.


خەندان-

Top