عێراق داوای ڤیزا بۆ هاووڵاتییان لە میسر دەکات
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی یەکشەممە 28ـی ئابی 2016، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق میوانداریی ئەحمەد دەروێش، باڵیۆزی میسر لە عێراقی کردووە.
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەحمەد دەروێش کردووە، هەوڵ بدات وڵاتەکەی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراق بدات، کە بە نیازن بە مەبەستی گەشتیاری، سەردانی میسر بکەن.
هەروەک میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، وێڕای داواکردنی پێدانی ڤیزا، لیژنەکە تاوتوێی دوو تەوەری دیکەی لەگەڵ باڵیۆزی میسر کردووە، کە بریتین لە چالاک کردنی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵات و ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژشنبیریی، لە چوارچێوەی هۆشیار کردنەوە و بڵاو کردنەوەی رۆشنبیریی ئیسلامی لە میانەی شەڕی دژی بیری توندڕەویی رێکخراوی توندڕەوی داعش.
باسنيوز
