داعش لەنێو موسڵ دەست بە دانانی بەربەرستی کۆنکریتی دەکات
بەمەستی رێگریکردن لە پێشڕەویی هێزەکانی عێراق، داعش هەوڵدەدات لەڕێگەی بەربەستی خۆڵی، بەردی و کۆنکریتی و لێدانی خەندەق بە چواردەوری موسڵ، دەروازەکانی چوون و هاتنی نێو شارەکە و رێگاکانی دابخات.
هەر لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ شەڕی موسڵ، لە ترسی کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە، داعش دەستی داوەتە بۆمبڕێژکردنی بارەگا حکومییەکان، هەروەها رێگا سەرەکییەکان بەرەو موسڵ تێکدەدات، وەک رێگەی نێوان موسڵ- بەغدا لە ناوچەی حەمام عەلیلدا دەستی بە تێکدانی رێگاکە و گواستنەوەی دانیشتووانی ناوچەکە کردووە.
ئەو هەنگاوانەی داعش، دوای ئەو پێشڕەوییانەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دێت، کە لە زۆربەی بەرەکان بەدەستیانهێناوە، بەتایبەتی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی سەنتەری ناحیەی گەیارە، لە باشووری موسڵدا، کە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت لەبەردەم کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ.
شاهێدحاڵەكان لەنێو شاری موسڵ باس لەوەدەکەن، داعش چەندین ئامێر و ئۆتۆمبێلی تایبەت و ئامێری بەرزکردنەوەی بەکارهێناون بۆ دانانی بەربەستە کۆنکریتییەکان و دانانی بەربەستی خۆڵین و هەڵکەندنی خەندەقەوە.
ئیحسان قەیسون، شرۆڤەکاری سەربازی و ستراتیژی راگەیاند، داعش بڕیاریداوە لەنێو شاری موسڵدا بەرگری بکات، نەک لە دەرەوە شارەکە، بۆیە بەربەستی کۆنکریتی و خۆڵی دادەنێت، ئەمەشی بە مەترسییەکی گەورە دانا، چونکە پێیوایە داعش لەو رێگەیەوە دەیەوێت خەڵکی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنێت، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو کارە لەسەر ئاستی سەربازی و مرۆیی پلانێکی ورد دابنێت.
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە چاودێرانی سەربازی لە گرنگی ئەو هەوڵانەی داعش کەمدەکەنەوە و دەڵێن ئەم کارانە بۆ گەمارۆدانی دانیشتووانی نێو موسڵە، تاوەکو رێگری لە هاتنەدەرەوە و رووبەڕبوونەوەیان بکەن، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی موسڵ.
بەڵام قەیسون، لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر بوونی شانەی نووستی چەکداریی دژ بە داعش دەکاتەوە، بەڵام بەرپابوونی راپەڕینی جەماوەری لە دژی داعش لەنێو شاری موسڵ بەدوور دەزانێت.
داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 شاری موسڵ کۆنترۆڵکرد، دوای ئەوەی سوپای عێراق هیچ بەرگرییەکی نەکرد و لە شارەکەدا پاشەکشەی کرد.
رووداو-
