عیراق خوازیارە رۆڵێكی چالاك بگێڕێت لەبەرزكردنەوەی نرخەكانی نەوتدا

عیراق خوازیارە رۆڵێكی چالاك بگێڕێت لەبەرزكردنەوەی نرخەكانی نەوتدا
عیراق خوازیارە كە رۆڵێكی چالاك بگێڕێت لەچوارچێوەی ئۆپیكدا بەمەبەستی پشتیوانیكردن‌و بەرزكردنەوەی نرخەكانی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان، ئەمەش بەوتەی وەزیری نەوتی عیراق.

جەبار لوعەیبی، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند"عیراق دەیەوێت كە رۆڵی ئۆپیك بەهێزبكات لەبەدیهێنانی هاوسەنگی لەنرخەكانی نەوتدا لە بازاڕەكانی جیهان" بەبێ ئەوەی روونیبكاتەوە كە ئایا عیراق بەشداری دەكات لەئەگەری هەر رێكەوتنێك سەبارەت بە كەمكردنەوەو سڕكردنی بەرهەم هێنانی نەوت لەپێناو بەرزكردنەوەی نرخەكانی نەوت یاخود نا، بەپێی رۆیتەرز.

وەزیری نەوتی عیراق تەئكیدی لە پارێزگاری عیراق كردەوە لە پشكی خۆی كە یەكسان بێت بەرامبەر یەدەگی نەوتی.

بڕیارە وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی بەرهەمهێنانی نەوت (ئۆپیك) بەشێوەیەكی نافەرمی لەجەزائیر مانگی داهاتوو كۆببنەوە لەپەراوێزی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزە (IEF).

هاوكات عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت"لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری بەسرەی باشوری عیراق وەزیری نەوت رایگەیاندووە كە خوازیاری ئەوەیە كە رۆڵێكی چالاك بگێڕێت لەپێناو پشتیوانیكردن لە نرخەكانی نەوت، لەكاتێكدا كە عیراق پارێزگاری لە پشكەكەی بكات لە بازاڕەكانی فرۆشتنی نەوتدا".

رۆژی دووشەممەی رابردووش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند وڵاتەكەی تائێستا نەگەیشتۆتە ئاستی پشكی تەواوی خۆی لەبازاڕی نەوتدا‌و ئاشكرایكرد حكومەتەكەی ناخوازێت بەرهەمهێنانی نەوتی خاو سنوردار بكات.

عیراق كە دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەدوای عەرەبسانی سعودیە، %95 پشتدەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت بۆدابینكردنی خەرجیە گشتیەكانی‌و واپێدەچێت كە بەردەوام بێت لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان كە لەئێستادا نزیكەی 4 ملیۆن‌و 600 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا.

چەند سەرچاوەیەك لە ئۆپیك‌و پیشەسازی نەوت لەم هەفتەیەدا بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە ئێران كە سێهەمین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپیك، ئاماژەی ئەرێنی داوە كە پشتیوانی هەوڵەهاوبەشەكان بكات بەمەبەستی بەرزكردنەوەی نرخەكانی نەوت.



خەندان –
Top