ژنە سەرکردەیەکی داعش بە کوژراوی دۆزرایەوە
رۆژی شەممە 27ـی ئابی 2016 سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە ماوەی هەفتەیەک بوو دایکی غەزەنفەر، فەرماندەی کەتیبەی خەنسای داعش، ون ببوو.
ئوم غەزەنفەر، فەرماندەیی کەتیبەی ژنانی داعشی دەکرد و یەکێک بوو لە کەسە هەرە نزیکەکانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش و زانیارییە هەوڵگرییەکانی لە مووسڵ کۆ دەکردەوە و بۆ بەغدادی دەنارد.
بەپێی زانیارییەکان، تەرمی ئەو ژنە سەرکردەیەی داعش لە کەناری رووباری دیجلە لە نزیک پردی چوارەمی مووسڵ دۆزراوەتەوە و ئاسەواری گوللە بەسەر جەستەیەوە دیار بووە.
ماوەیەکە بەهۆی بیزارییان لە یاسا دڕندەکانی داعش، دانیشتووانی مووسڵ سەرکردە و چەکدارانی داعش لە شارەکەیان دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن.
چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
