"بەغدا بۆ عێراقیش چیدیكە ناوەندی بڕیاردان نيیە"

كورد چەندین ساڵە چاوەڕێیە مافە دەستووريیەكانی, بەتایبەت مادەی 140 لەلایەن حكوومەتی بەغداوە جێبەجێبكرێت، بەڵام ھەندێك لەلایەنە سیاسییەكان وایدەبینن بەغدا ھیچ ھەنگاوێكی راستەقینەی بۆ جێبەجێكردنی نه‌ناوه‌، ئێستاش بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان رایان وایە, نابێت چیدیكە كورد, پشت بە بەغدا ببەستێت، بەڵكو پێویستە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات.

دەگوترێت بەغدا، بۆ عێراقیش چیدیكە ناوەندی بڕیاردان نيیە، تا بۆ ھەرێمی كوردستان ناوەندی بریاربێت ، بەڵكو تەنیا جێگای بڕیاردانە لەسەر ناوچە شیعە نشینەكان, بەغدایەك كە ھەتا ئێستا ھیچ مافێكی دەستووریی ھەرێمی كوردستانی بە تەواوی جێبەجێ نەكردووە، ئیدی كورد چ چاوەڕوانیيەكی لێ دەكات.

سەركردایەتی سیاسی كورد و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان, چەندین جار دووپاتیانكردووەتەوە, دەیانەوێ لەگەڵ حكوومەتی بەغدا ھاوبەشێكی راستەقینە بن، چونكە ئەوان بە پاشكۆیی رازی نابن، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكگرتووش جیابوونەوە بەباشتر دەزانێ لەوەی كورد بە كارتێكی سووتاوەوە داوای مافەكانی خۆی بكات.

مانەوەی كورد بە عێراق بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی مافە دەستووريیەكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بەڵام بەغدا نەك ھەر مافە دەستووریەكانیشی جێبەجێ نەكرد، بەڵكو بەشە بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانیشی بڕی، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵیش دەڵێت لەسەر كورد پێویستە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بەغدادا بچێتەوە.

ئەوەی كورد ساڵانێكە لە بەغدای دەوێت جێبەجێكردنی مافە دەستووریەكانیەتی بەتایبەتی ماددەی 140، بەڵام جێبەجێنەكردنی لەلایەن بەغداوە, پەیوەنديیەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی لاوازكردووە .
Top