سویسرا.. لەسەر قاچاغچێتی بە جگەرەوە سزای دوو دیپلۆماتکاری عێراقی دا

سویسرا.. لەسەر قاچاغچێتی بە جگەرەوە سزای دوو دیپلۆماتکاری عێراقی دا
دەسەڵاتدارانی سویسرا سزایەکی دارایی گەورەی سەپاند بەسەر دوو دیپلۆماتکاری عێراقی کە لەشاری ژنێڤ کاریانکردووە، بە تۆمەتی ئەوەی تێوەگلان لە بە قاچاغ بردنی بڕێکی زۆر جگەرە بۆ فەڕەنسا.

ماڵپەڕی سویس ئینفۆی فەرمی حکومەتی سویسرا ئەمڕۆ ٢٥ی ئابی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، ئەو دوو دیپلۆماتەکارە عێراقییە ئەو دەستکەوت و مۆڵەتەی کە لە سویسرا پێاندراوە بۆ هاتوچۆکردن لە نێوان فەڕەنسا و سویسرادا، بە خراپی بەکاریانهێناوە و بەهۆیەوە بڕێ ٦٠٠ هەزار پاکەت جگەرەیان بە قاچاغ بردووەتە باکوری فەڕەنسا.

بەگوێرەی هەواڵەکە هەریەکە لەو دوو دیپلۆماتکارە بە بڕی ١٧٧ هەزار دۆلار غەرامەکراون، دوای ئەوەی تۆمەتبارکراون کە ماوەی سێ ساڵ بووە ئەو کارەیان بە قاچاغی ئەنجامداوە.

بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی گومرکی فیدراڵی سویسرا بڵاویکردەوە، هەرچەندە ئەو دوو دیپلۆماتکارە داوایەکیان پێشکەشکردووە بۆ کەمکردنەوەی بڕی غەرامەکەیان، بەڵام داواکەیان ڕەتکراوەتەوە.

ماڵپەڕەکە بڵاویکردەوە، دوو دیپلۆماتکارە عێراقییەکە لەڕێگەی کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە، کە کاردەکات لە بواری دابینکردنی جگەرە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و باڵیۆزخانەکان ئەو جگەرەیەیان داواکردووە، پاشان گواستویانەتەوە بۆ باشوری سویسرا و لەوێشوە بۆ فەرەنسا.

ئەو جۆرە جگەرانە کە بەو شێوە قاچاغە دەبرێنە دەرەوە، بە شێوەیەکی نایاسایی لەسەر شەقامەکان بە ڕێبوارەکان دەفرۆشرێتەوە.

ئەوەی زیاتر کاری ئەو دوو دیپلۆماتکارەی گەندەڵکردووە ئەوە بووە، کە بەوەش وازیان نەهێناوە کە ئەو جگەرەیەیان بە ناوی نوێنەرایەتی حکومەتی عێراقەوە داواکردووە لە سویسرا، بەڵکو چەندین داوای دیکەیان بە نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان لە هۆنگ کۆنگ و چەند دەوڵەتێکی کەنداوەوە داواکردووە.

کاتێک کاری ئەو دوو دیپلۆماتکارە ئاشکرا بووە، کە ژووری بازرگانی و هۆنگ کۆنگ سکاڵایەکیان بەرزکردووەتەوە لەدژ کەسانی نەناسراو، کەبە ناوی ئەوانەوە داوای جگەرەی کردووە، ئەوەش وایکردووە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکرێت و سەرچاوەی گەندەڵییەکە ئاشکرابکرێت و راستەوخۆ بگەن بە هەردوو دیپلۆماتکارە قاچاغچییەکەی عێراق.
Top