"عەبادی: رێگا لە مافی چارەی خۆنووسینی کورد ناگرین"
رۆژی پێنجشەممە 25-8-2016 شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار لە بەغدا لەگەڵ حەیدەری عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نێوەڕۆکی دانیشتنەکەی بۆ میدیای حیزبەکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت "لەبارەی پرسی مافی چارەی خۆنووسین عەبادی رایگەیاند رێگە لە مافی چارەی خۆنووسین ناگرین و مافی ھەموو گەلێکە و مافێکی سەلمێنراوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ھەنگاوەکانی گەیشتن بەو مافەش رێگەی لێناگیرێت، بەڵام دەمانەوێت لەیەکدی بگەین، کە ئێمە وەکو عێراق لەسەر ئەو بەرنامەیە کاربکەین کە پێکەوە دەبین، یان لەسەر ئەو بەرنامەیەی کە جیادەبینەوە و پێشمان خۆشە ببینە دراوسێیەکی باش".
سەعدی پیرە کۆبوونەوەی شاندی یەکێتی و عەبادی بە گرنگ و سەرکەتوو وەسفکرد و گوتی "شاندەکەی یەکێتی داکۆکی لە سەنگ و مافی پێشمەرگە کرد و روونیکردەوە کە پێشمەرگە بەشداری لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا دەکات و تەنیا ھێزە کە لەلایەن پێکھاتەکانی نەینەواوە قبوڵکراوە و بێکێشەیە، دەبێت بەرێز و تەقدیرەوە باس لە پێشمەرگە بکرێت".
لە بارەی کێشەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی دەڵێت "داوامان کرد لێکۆڵینەوە لەو ھێزانە بکرێت کە کێشە لەخورماتوو دروست دەکەن، ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن و گواستنەوەی بارەگای ئەو ھێزانەش بۆ دەرەوەی شارەکان و تەسلیمکردنی بە ھێزەکانی پۆلیس".
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا سەعدی پیرە روونیکردەوە "عەبادی دووپاتیکردووەتەوە کە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا دایە و تەقدیری ھێزی پێشمەرگەشی کرد".
سەعی پیرە گوتیشی "لە پرسی نەوتدا دووپاتکرایەوە کە کار بەرێککەوتنەکانی پێشوو دەکرێت و ئەگەریش پێویست بکات ئەوا رێککەوتنی نوێ لەوبارەیەوە لە نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی شایستە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کراو، سەعدی پیرە دەڵێت "بڕیاری خەرجکردنی پارەی جووتیاران دراوە و بڕیارە بەشێوەی قیست پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت".
دوو رۆژە شاندێکی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەندامێتی قادر عەزیز و سەعدی پیرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە بەغدان و لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی حیزبی و حکومی عێراق کۆبوونەتەوە.
