ڕۆیتەرز: 700 هاووڵاتیی سوننەی عێراق چارەنوسیان نادیارە
لە ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ڕویتەرزدا هاتووە: "كاتێك چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە مانگی حوزەیراندا، بە پشتیوانیی ئەمەریكا دەستیان بەسەر شاری فەللوجەدا گرتووە، دەستیان بە دەستگیركردن، ئازاردان و دەستدرێژیكردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی سوننە كردووە، دەركەوتووە بە ڕێژەیەكی زۆر زیاتر لەو زانیارییانەی كە بەرپرسانی ئەمەریكی باسیان لێوە دەكەن، پێشێلكارییان كردووە".
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرز، دوای زیاتر لە دوو مانگ ئازادكردنی شارەكە لە دەستی داعش، تا ئێستا زیاتر لە 700 هاووڵاتیی سوننە چارەنوسیان نادیارە.
هەرچەندە ئەمەریكا هەوڵی دا ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە پڕۆسەكەدا سنووردار بكات، بە جۆرێك كە هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە لە پشتیوانیی ئاسمانی پاشگەز دەبنەوە، ئەمەش (بەپێی گێڕانەوەكانی بەرپرسانی ئەمەریكی و عێراقی)، بەڵام حەشدی شەعبی ئەو پێشێلكارییانەی دژی هاووڵاتیانی سوننە ئەنجام داوە و هەڕەشەكانی ئەمەریكا كاریگەریی لەسەریان نەبووە، ئەندامانی حەشدی شەعبی لە فەللوجە نەكشاونەتەوە و بەشێكیان بەشدارییان لە تاوانەكانی وێرانكاری و تاڵانكردن كرد.
ڕویتەرز لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە: "لە هەمانكاتدا حەشدی شەعبی تەحەددای هەر هەوڵێكی ئەمەریكا دەكات لە سنوورداركردنی ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە پڕۆسەی داهاتووی شەڕی دژی داعش".
لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "زانیارییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی لانیكەم 66 هاووڵاتی سوننەیان كوشتووە و دەستدرێژییان كردووەتە سەر مافەكانی زیاتر لە 1500 هاووڵاتیی دیكەی شارەكە، ئەم زانیارییانەش بەپێی ئەو چاوپێكەوتنانە دەست كەوتوون كە لەگەڵ زیاتر لە 20 هاووڵاتی ڕزگاربووی ناوچەكە، هەروەها سەرۆك هۆز و كەسایەتییانی سیاسی و دیپلۆماسیی بیانی ئەنجام دراون".
ئەو كەسانەی كە بەر دەستدرێژی حەشدی كەوتوون، باس لەوە دەكەن كە چەكدارەكان دەستڕێژی گوللەیان دەكردە سەر پیاوان و ژنەكانی فەللوجە، ئەشكەنجەیان دەدران و تەنانەت هەندیكیان سەربڕیوە، ڕاستی ئەم گوتانەش لەگەڵ ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانەدا یەك دەگرنەوە كە دەسەڵاتە ناوخۆییەكانی عێراق ئەنجامیان داوە.
