لە ڕوومادییە دەیان تەرمی داعش لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا دۆزرانەوە

 لە ڕوومادییە دەیان تەرمی داعش لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا دۆزرانەوە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەکێتیی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند، لە دوورگەی خالێدییە گۆڕێكی بە كۆمەڵی داعش دۆزراوەتەوە كە بەدەیان تەرمی تێدایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24/8/2016)، غەیاس سوورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە مووسڵ گوتی: "دوێنێ لە میانەی گەڕان و پشكنینی ھێزەكانی سوپای عێراق بۆ پووچەڵكردنی بۆمب و تەقەمەنی پاشماوەكانی داعش، گۆڕێكی بەكۆمەڵی چەكدارانی داعش دۆزراوەتەوە، كە بەدەیان تەرمی داعشی تێدایە".

بەگوتەی غەیاس سوورچی، ئەو تەرمانە بە بێ شووشتن و بە جلوبەرگی خۆیانەوە لەو گۆڕە بەكۆمەڵەدا شاردراونەتەوە، تەنانەت ھەندێكیان ناسنامەكانیان لە گیرفان دایە.

غەیاس سوورچی ئاشكرای كرد، ئەو چەكدارانی داعش لە شەڕەكەی بیابانی خالیدیە و بەدەستی سوپای عێراق كوژراون.

گوتیشی: "چاوەڕوان دەكرێت چەندین گۆڕی بە كۆمەڵی ھاوشێوە لە ناوچەكە بدۆزرێتەوە، لەبەر ئەوەی داعش لاواز بووە، ژمارەی كوژراوەكانیشی زۆرن، بۆیە تەنانەت ناتوانرێت تەرمی چەكدارەكانی بشوات و نوێژیان لەسەر بكات".










باسنیوز
Top