سوپای عێراق چووە نێو گەیارە
دەورووبەری شارۆچكەكە بەتەواوی گیراوە و تەنیا یەك رێگەش هەیە بۆ دەربازبوونی چەكدارانی داعش، كە ئەویش رێگای حەمام عەلیلە.
هاوكات رائید تەحسین سەعید، فەرماندەی سریەی یەک، لە فەوجی یەکی لیوای 91 ی فیرقەی 15ی سوپای عێراقی راگەیاند: سوپای عێراقی چواردەوری گەیارەیان داوە و نیوەی نێو سەنتەری شارۆچكەكەش کۆنترۆڵکراوەتەوە و چەکدارانی داعش تەنیا یەک رێگەیان ماوە بۆ هەڵاتن بە ئاراستەی حەمام عەلیل.
رائید تەحسین سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای عێراقی و هێزەکانی دژە تیرۆر، فرقەی ئاڵتونی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدارن و، پاڵاوگەی گەیارە و سەرجەم بیرە نەوتییەکانی گەیارەش کۆنترۆڵکراونەتەوە.
لەبارەی زیانەکانی داعش، ئەو فەرماندەیەی سوپای عێراق گوتی "ماتۆڕسکلێک و ئۆتۆمبێلێکی داعش خۆیان تەقاندووەتەوە، دوو ئۆتۆمبێلیش لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمان تەقێندراوەتەوە و زیاتر لە 90 چەکداری داعش کوژران".
شارۆچكەی گەیارە ژمارەی دانیشتووانەكەی 15 هەزار كەس دەبێت و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی موسڵ.
رووداو-
