عەبادی: بارزانی پێیگوتم کورد تەماعی لە پارێزگای نەینەوا نییە
رۆژی سێشەممە 23-8-2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند "بارزانی پێی راگەیاندووە، کە کورد تەماعی لە پارێزگای نەینەوا نییە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، عەبادی داوای لە پێکهاتەکانی پارێزگای نەینەوا کرد، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بەڕێوەبردنی موسڵی دوای داعش رێکبکەون و گوتی "ئێمە وەک حکومەت مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی نەینەوا دەکەین، داواشیان لێدەکەین هاوکاربن بۆ دۆزینەوەی رێگایەک لەگەڵ حکومەتی کوردی، بەمەبەستی بەڕێوەبردنی موسڵی دوای رزگارکردنی لە دەستی داعش".
لەبارەی بوونی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی باشیک، عەبادی گوتی "هێزەکەی تورکیا بەبێ داوای حکومەتی عێراق لەسەر خاکی عێراقن، بۆیە جارێکی دیکە داوای دەرچوونیان لێدەکەین".
عەبادی راشیگەیاند، حکومەتی عێراق چەند جارێک داوای لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانی کردووە گوشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا، تاوەکو هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە. جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەنەوە، کە تورکیا سەروەری عێراقی پێشلکردووە.
