سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: رازی نابین حەشدی شەعبی بەشداری شەڕی مووسڵ بکات
بەشار کیکی هیوای خواست، شەڕی مووسڵ لەمساڵدا دەستپێبکات و لێکدانەوەی تایفەگەریی بۆ بەشدارینەکردنی حەشدی شەعبی لەشەڕەکەدا نەکرێت.
بەشار کیکی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد پلانی فرایگوزاریی بۆ شەڕی مووسڵ ئامادەیە، بەڵام بڕە پارەی پێویست بۆ پلانەکە لەبەردەستدا نییە و رایگەیاند: "پلانی فریاگوزاریی کە ئێمە پێی دەڵێن پلانی مەدەنی لە رۆژی یەکەمی پاش رزگارکردنی مووسڵ دەست پێدەکات و ماوەی سێ مانگ دەخایەنێت، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ھەموو فەرمانگە و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای نەینەوا لەسەر بنەمای کەرتەکان دابەشکراون، پلانەکە ھەموو گەڕەگەکانی شاری مووسڵ دەگرێتەوە و ھەموو کەرتەکانی وەکو شارەوانی ئاو و کارەبا و ئەوانی دیکەش لەخۆ دەگرێت".
کیکی راشیگەیاند: "لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتی و خۆبەخشەکان، ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکان پێکەوە کۆنتڕۆڵی بارودۆخی مەدەنیی شارەکە دەکەین، لە ھەرکوێیەک کێشە ھەبێت چارەسەری دەکەین، ئەو پلانە پێویستی بە پارەیە، بەڵام تا ئێستا بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە و لە قۆناغی یەکەمدا ئەو بڕە زیاتر لە دوو ملیار دینار دەبێت، رەنگە تا دوایی بگاتە ٣٠ ملیاریش، چونکە ھەندێک شت دێتە پێشەوە نازانیین چییە و چۆنە، لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ ئەگەر شوێنێک وێران نەبوو پێویست ناکات نۆژەنی بکەینەوە، پارەکە دەمێنێتەوە، بەگشتی پێویستمان بە پارەیەکی فریاگوزاریی ھەیە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بارودۆخی شارەکە تێکنەچێت و دۆخی ئەمنی لەدەستی خۆماندا بێت".
سەبارەت بە دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ و ئەگەری بەشدارییکردنی حەشدی شەعبی وەک ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا ھەندێک لە ماڵپەڕە ھەواڵییە عێراقییەکاندا بڵاوکرایەوە، گوایە رێککەوتن ھەیە بۆ بەشداری پێکردنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ، بەڵام بەمەرجی بەشداریی چەند گرووپێکی دیاریکراو، بەشار کیکی رایگەیاند:" لەبارەی گرتنەوەی موسڵ وەکو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیارمان داوە رازی نیین حەشدی شەعبی بەشداریی لە شەڕەکەدا بکات، پێمان وایە بەشداریی حەشدی شەعبی لەو شەڕە پێویست ناکات و رەنگە ببێتە ھۆی ئەوەی کێشەی زیاتر دروست ببێت، بۆیە ئێمە سوورین لەسەر ئەو بڕیارەی خۆمان، داواش دەکەین ھیچ لێکدانەوەیەکی تایفەگەریی بۆ ئەو بڕیارە نەکرێت".
کیکی کە لەسەر پشکی کورد سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە و یەکێکە لەو کوردانەی بەردەوام رەخنەی لە حکوومەتی عێراق ھەیە بەتایبەت لە پەراوێزخستنی پارێزگای نەینەوا و بەدیاریکراویش کێشە و نەھامەتییەکانی ئێزیدییەکان لە دوای ھاتنی داعش، سەبارەت بە کاتی گرتنەوەی مووسڵ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "بە ئومێدین شەڕی مووسڵ لەمساڵدا دەستپێبکات''.
لەبارەی ھاتنی ئاوارەکان لەسەروبەندی رزگارکردنی شاری مووسڵدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: " ئێمە پێنج دەروازەمان بۆ ھاتنی ئاوارەکان دیاریکردووە، ھیوادارین ئاوارەکان رووی تێنەکەن، بەڵام ئەوە ھەمووی پلانە، ئێستا دوو کەمپ لە درووستکردندان و ئەوانی دیکەیان ماون، پێشبینی دەکەین بەلایەنی زۆرەوە نیو ملیۆن ئاوارە لە مووسڵەوە بێنە ناوچەکانی دیکە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان تەنھا ئامادەییان بۆ پێشوازیکردن لە ١٠٠ ھەزار ئاوارە دەربڕیوە بەپێی زانیارییانەی لەخۆیانەوە پێمان گەیشتوون".
ئاژانسی ئانادۆڵ-
