وەزیری نەوتی عێراق: پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوتدا دەکەینەوە

وەزیری نەوتی عێراق: پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوتدا دەکەینەوە
جەبار عەلی لعێبی وەزیری نوێی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی کە یەکێکە لە ئەندامەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک دەیەوێت پێداچوونەوە بکات بەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئیمزایکردووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارانەی کە کۆمپانیا بیانییەکان وەریدەگرن لە سایەی نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوت بڵاویکردەوە، لعێبی ئەو هەڵوێستەی لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مایکل تاونسند بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پترۆلۆمی بەریتانی ئەمڕۆ ٢٢ی ئابی ٢٠١٦ لەبەغدا دەربڕیووە.

وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆی کردووە لەگەڵ ئەو لێپرسراوە باڵایەی کۆمپانیای بی بی بەریتانی، سەبارەت بە زیادبوونی بەرهەمی نەوت و غاز لە کێڵگەی ڕومێلەی باشوری عێراق.

پێشتر عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی پێشووی عێراق ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بەم نزیکانە گفتوگۆ دەکات لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت، بەمەبەستی هاوسەندی لە نێوان ئەو بڕە پارەیەی کە وەریدەگرن لەبەرامبەر گەشەپێدانی کێلگەکانی نەوت، بەشێوەیەک کە هاوتا بێت لەگەڵ نرخی نەوت و بەشداریکردنیان لە کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا.

بودجەی ساڵانەی حکومەتی عێراق لە ٩٥%ی پشتی بە داهاتی نەوت دەبەستێت و گرێبەستی وەبەرهێنانی لەگەڵ کۆمپانیا سەبەلاحەکانی بواری نەوتی جیهان ئیمزاکردووە، وەک بی بی بەریتانی و ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی و شێلی فەرەنسی و لۆک ئۆیلی ڕوسی.

گرێبەستە کۆنەکانی عێراق لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا فشارێکی گەورەی لەسەر حکومەتی عێراق دروستکردووە، چونکە سەرباری نزمبوونەوەی نرخی نەوت، عێراق ناچارە بڕی پارەی جێگر بدات لەبەرامبەر زیادبوونی داهاتی نەوت و گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی، کە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە ئەنجام دەدرێت.
Top