مەسیحییەکانی نەینەوا داوای دروست کردنی پارێزگایەک دەکەن

 مەسیحییەکانی نەینەوا داوای دروست کردنی پارێزگایەک دەکەن
مەسیحییەکانی پارێزگای نەینەوا داوای دامەزراندنی پارێزگایەک لە دەشتی نەینەوا بۆ مەسیحییەکان دەکەن.

ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسیی مەسیحیی رایدەگەیەنن، کە پێویستە دوای رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ و دەرکردنی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە پارێزگای نەینەوا، هەر شەش ناوچەی حەمدانییە، تلسقۆف، تلکێف، ئەلقۆش، شێخان و بەعشیقە بکرێنە پارێزگایەک بۆ مەسیحی و ئێزدییەکانی ناوچەکە.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (سکای نیوز)، یوسف ئیشۆ، سەرکردە لە بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری پێیوایە دروستکردنی پارێزگایەک بۆ مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا دەبێتە هۆی پاراستنی مەسیحییەکان لە کێشەکانی ئایندە.

هەروەها یەروانت ئەمینیان، پەرلەمانتاری ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان بە کەناڵەکەی راگەیاندووە، ئەو داوایەی مەسیحییەکان بۆ دروستکردنی پارێزگایەک، کە بە سیستەمی حوکمی زاتی بەڕێوە بچێت، ئاساییە.

تاوەکو ئێستا ئاماژە بەوە نەکراوە، کە ئەو پارێزگایە سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت یاخود حکوومەتی عێراق، بەڵام حزبە سیاسییەکان ئەو پرسەیان بۆ راپرسییەک بەجێ هێشتووە، کە لە ناوچەکەدا بکرێت.

ئەو شەش ناوچەیەی داوا دەکرێت بکرێتە پاریزگایەکی سەربەخۆ، ناوچەی کوردستانینە و ئێستا شاری شێخان، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە ئایین ئێزدین، سەر بە پارێزگای دهۆکە لە کوردستانی باشوور.

چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.

زۆرینەی ئەو ناوچانە ئێستا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە رزگار کراونەتەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، کە پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییە رزگار کراوەکان ناکشێتەوە.










باسنيوز
Top