فەتلاوی تۆمەتێک بۆ رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هەڵدەبەستێ

 فەتلاوی تۆمەتێک بۆ رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هەڵدەبەستێ
سەرۆکی بزووتنەوەی ئیرادە و پەرلەمانتاری عێراقی تۆمەتێک بۆ رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هەڵدەبەستێ.

حەنان فەتلاوی، پەرلەمانتاری عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، رایگەیاندووە، کە پێشنیاز دەکا ناوی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بگۆڕدرێ بۆ ”رێکخراوی توندوتیژی نێودەوڵەتی“.

ئەم پێشنیازەی فەتلاوی دوای ئەوە دێت، کە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرتبوو، چونکە 36 کەسی بە تاوانی بەشداریکردن لە کوشتارگەی سپایکەر، لە سێدارە داوە.

حەنان فەتلاوی لە تویتەکەیدا هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەرکی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ”تەنیا بەرگری کردنە لە تیرۆریستان“.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 21ـی ئابی 2016، وەزارەتی دادی عێراقی سزای لەسێدارەدانی بەسەر 36 کەسدا جێبەجێ کرد، کە لەلایەن دادگای عێراقییەوە بە بەشداریکردن لە کوشتارگەی سپایکەر، تاوانبار کرابوون.

رۆژی 7ـی ئابی 2016، دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕالیی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی 36 کەسی دا و بڕیارەکەی بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق نارد، بە مەبەستی واژۆ کردنی بڕیارەکە لەلایەن فوئاد مەعسومەوە.

رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، کە فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەر بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە کرد.

رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2014، نزیکەی 2200 قوتابیی هێزی ئاسمانیی عێراقی لە سەربازگەی سپایکەر لە شاری تکریت کەوتنە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش. بەشێکیان لە کۆشکەکانی کۆماریی لە تکریت بە گوللە کوژران و بەشێکیشیان بە زیندویی ژێر خاک کران.





















باسنيوز
Top