داعش وێنەی پێشانگای كڕین فرۆشتنی ئۆتۆمبیڵ و ماتۆڕسكیل-ی ژێر دەسەڵاتی بڵاودەكاتەوە

داعش وێنەی پێشانگای كڕین فرۆشتنی ئۆتۆمبیڵ و ماتۆڕسكیل-ی ژێر دەسەڵاتی بڵاودەكاتەوە
رێكخراوی تیرۆرستی داعش وێنەی ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیلی بڵاوكردەوە كەلەپێشانگاكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێكخراوەدا مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت.

ئەكاوتنی داعش لە تێلیگرام هیچ ئاماژەیەكی بە شوێنی ئەو پێشانگاو ئۆتۆمبیلانە نەكردووە كە وێنەكانی بلاوكردوونەتەوە.

هەندێك لە ئۆتۆمبێلەكان ژمارەی دیمەشق-ی پایتەختی سوریایان پێوەیەو سەرجەمیان مۆدێلیان بەرزەو زۆرینەیان بەكارنەهاتوون.

ئەو ئۆتۆمبێلانەی داعش نمایشی كردوون تەنها لۆگۆی یەك كۆمپانیا لەخۆ ناگرن بەڵگو لۆگۆی چەند كۆمپانیایەكی ئۆتۆمبێل وەك TOYOTA – KIA – HUNDAY – MERCEDES - BMW یان تێدایە.

لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە مانگی نیسانی 2013 و كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی بەرفراوان لە عیراق و سوریا، ئەو رێكخراوە لە زۆربەی نمایشە چەكدارییەكانی خۆیدا ئۆتۆمبێلی جۆری تویوتا-ی بەكارهێنا ئەوەش گومان و پرسیاری ئەوەی دروستكرد كە چۆن ئەو رێكخراوە ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلی تویوتای دەسكەوتووە تاكار گەیشتە ئەوەی ئەمریكا داوای روونكردنەوە لە كۆمپانیای ناوبراو بكات و ئەویش روونكردنەوە بدات.

تائێستا و سەرباری چەندین بۆچوون و روونكردنەوە بەڵام هێشتا ئەوە ئاشكراو روون نییە كە داعش ئەو ئۆتۆمبێلانەی چۆن دەستكەوتووە ئایا دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵی كردبوون لەرابردوودا دەستی كەوتوون یاخود لەڕێی بازرگانی كردن لەگەڵ كەسان و كۆمپانیاكاندا.
Top