سوپای عێراق دانیشتوانی مووسڵ دڵنیا دەكاتەوە

 سوپای عێراق دانیشتوانی مووسڵ دڵنیا دەكاتەوە
لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شاری مووسڵ، وەزارەتی بەرگریی عێراق دڵنيایی دەداتە دانیشتوانی شارەكە و داوایان لێ دەكات لە ماڵەكانیان بمێننەوە و زانیاری هەواڵگریی هەیە لەسەر خودی تیرۆریستانی داعش.

یەحیا رەسول گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق، داوای كرد لە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شاری مووسڵ، دانیشتوانی شارەكە لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە و شارەكە چۆڵ نەكەن.

رەسول گوتی "دوای تەواوبوونی سەرجەم ئامادەكارییەكان، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵ دەست پێدەكات".

گوتەبێژەكەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان هەروەها گوتی "داوا لە هاووڵاتییانی ناو شاری مووسڵ دەكەین، كە لە شارەكەدا بمێننەوە تا لە تیرۆریستانی جیایان بكەینەوە و دڵنیایشیان دەكەینەوە كە داتا و زانیاری هەواڵگریی وردمان لەسەر تیرۆریستانی داعش لەبەردەستدایە".

یەحیا رەسول داوای لە هاووڵاتیانی ناو شاری مووسڵ كرد، لە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكەیان، خۆیان لە شوێن و پێگەكانی داعش بە تایبەتی شوێنی چەك و تەقەمەنییەكان دوور بخەنەوە چونكە ئەو شوێنانە دەكرێنە ئامانجی بۆردومانی ئاسمانی.

دووپاتیشی كردەوە، هێزەكانی ئەمنی و هێزەكانی حەشدی هۆزەكانی سوننە بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشدار دەبن.

لە مانگی ئایاری رابردووەوە، حكوومەتی عێراق بە ئامانجی دەست پێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا كە لە حوەزیرانی ساڵی 2014وە لە ژێر دەستی داعش دایە، دەستی كردووە بەكۆكردنەوەی هێزی سەربازی لە نزیك مووسڵ.
Top