فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بڵاوكراوە لە ئاسمانی گەیارە دەخەنە خوارەوە

فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بڵاوكراوە لە ئاسمانی گەیارە دەخەنە خوارەوە
بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی دانیشتووانی شارۆچكەی گەیارە لە نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەكە، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق هەزاران بڵاوكراوەیان بەسەر خەڵكی شارۆچكەكەدا بڵاوكردەوە، كە چەندین رێنماییان لەخۆ گرتووە.

شانەی راگەیاندنی جەنگی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "بڵاوكراوەكان چەندین رێنمایی گرنگییان بە دانیشتووانی گەیارە گەیاندووەو ئاگاداریان كردوونەتەوە، كە روو لە گوندی تینە و كۆمەڵگەی نیشتەجێ بكەن لە بنكەی گەیارە".

رۆژی هەینی 19-8-2016 وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی عێراق سەنتەری شارۆچکەی گەیارەیان لە باشووری شاری موسڵ بە تەواوی گەمارۆداوەو چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان دەكەن بۆ هەڵکوتانە سەر شارۆچکەکە.

دوای كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش شارۆچکەی گەیارەیان كۆنترۆڵكردو تاوەکو ئێستاش بەدەستیانەوەیە، ئێستاش لەهەرچوارلاوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە گەمارۆدراوە.







رووداو
Top