موقتەدا سەدر:کورد هاوبەشن لەگەڵماندا و هیوادارم بڕیاری جیابوونەوە نەدەن
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: “کورد لەگەڵ ئێمەدا لەم نیشتمانە هاوبەشن”. جەختیشی لەوە کردەوە: “هیوادارم جیا نەبنەوە”، بەبێ ئەوەی هیچ دژایەتییەکی پرسی سەربەخۆیی کوردستان بکات.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، سەردانەکەی نووری مالیکی، بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە “ئاژاوەگێڕی” وەسف کرد و ڕای گەیاند: “ئێمە لەگەڵ ئاژاوەگێڕییەکانی مالیکی ڕاهاتووین، هەر چاوەڕێی ئەوەشی لێ دەکەین”.
ئەم هەڵوێستەی موقتەدا سەدر سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان لە کاتێک دایە کە پێشتر نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق، بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندبوو: “یەکێتی و گۆڕان بە ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان ناڕۆن”.
دوێنێ چوارشەممە 17\8\2016، سەعد مەتڵەبی، سەرکردەی دەوڵەتی یاسا و نزیک لە نووری مالیکی، ڕايگەیاند: “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەوە دڵنیایان کردینەوە کە لەم قۆناغەدا لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نین”.
باسنیوز
