وەزیری دەرەوەی سووریا هەوڵ دەدا سەردانی عێراق بکات
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18ـی ئابی 2016، سەتام جدعان ئەلدندح، باڵیۆزی سووریا لە عێراق نامەیەکی وەلیم موعەللیم، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی گەراندووەتە ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق.
هەروەک لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، وەلیم موعەللیم لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە، کە ویستی هەیە سەردانی عێراق بکات، تاوەکو گفتوگۆ لەبارەی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئیبراهیم جەعفەری و سەتام جدعان ئەلدندح پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان تاوتوێ کردووە و قسەیان لەبارەی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش کردووە، کە بەشێکی خاکی هەردوو وڵاتی داگیر کردووە.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کە لە مانگی ئاداری 2011 لە نیوان رژێمی سووریا و گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستی پێکردووە، عێراق بە ناردنی میلیشیای چەکداری، هاوکاریی رژێمی سووریای لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکات.
باسنيوز
