هەوڵێک هەیە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتی لە نێوان هەولێر و بەغدا
د.فەلاح عامری، بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت "سۆمۆ"ی عێراقی لە لێدوانێكی تایبەت ماڵپەڕی "وزە نیوز"ی ڕاگەیاندووە، "هەندێك هەوڵ هەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی بە مەبەستی لێك نزیك كردنەوەی تێڕوانینەكانی هەردوولاو بەو هیوایەم هەوڵەكە سەركەوتوو بێ".
بەرپرسەکەی كۆمپانیای "سۆمۆ" سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی ڕێكکەوتنی نێوان بەغدا وهەولێر گوتی، "ڕێکكەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بە قازانج بۆ هەردوو لایەن دەشكێتەوە و لە بەرژەوەندی گەلی عێراقیش دەبێ".
سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم بابەتە بە ماڵپەڕی "وزە نیوز"ی گوتووە، "حكوومەتی هەرێم هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و ڕێككەوتن".
لای خۆشییەوە د. زاهیر مەجید، پسپۆڕ لە یاسا و گرێبەستەكانی نەوت تایبەت بە "ماڵپەڕی وزە نیوز"ی ڕاگەیاندووە، "ئەستەمە ڕێكکەوتنێكی توكمە و گشتگیر ئەنجام بدرێت، چونكە كێشەكان زۆر و گەورەن، زیاتریش پەیوەستن بە كۆنتڕۆڵكردن و ئیدارەدانی پرسەكانی نەوت و غاز".
گوتیشی، "دەكرێ ڕێكکەوتنێكی كاتی بكرێت لەسەر فروشتنی نەوتی كەركووك لەلایەن هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ڕێكکەوتنێك، بەڵام هەرگیز حكوومەتی هەرێم قبوڵ ناكات "سۆمۆ" كۆنتڕۆڵی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بكات".
باسنيوز
