داعش داوای خوێن لە هاووڵاتییانی مووسڵ دەکات
بەپێی گوتەی سەرچاوەکان لە ناو شاری مووسڵ، رێکخراوی داعش لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە داوا لە دانیشتووانی شاری مووسڵ دەکات روو بکەنە نەخۆشخانەکانی شارەکە و خوێن بە بریندارانی ئەو رێکخراوە ببەخشن.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە تەرمی سەدان بریندار برادرونەتەوە نەخۆشخانەکان و ژمارەیەکی زۆری تەرمی کوژراوانی داعشیش لە بەرەکانی شەڕ کەوتوون.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری میحوەرەکانی خازر و گوێڕ هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
ئۆپەراسیۆنەکە، کە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بۆ ئازاد کردنەوەی 10 گوند لە هەردوو سنوورەکە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری وەردەک پێنج کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە و هەرچوار گوندی ئەبزەخ، قەریەتاخ، حەمەرە و قەرقەشە کۆنتڕۆڵ کراونەتەوە.
چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
