مەعسوم رەزامەندیی لەسەر لەسێدارەدانی تاوانبارانی کەیسی سپایکەر دەدات
رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2016، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، کە فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەر بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە کرد.
رۆژی 7ـی ئابی 2016، دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕالیی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی 36 کەسی دا و بڕیارەکەی بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق نارد، بە مەبەستی واژۆ کردنی بڕیارەکە لەلایەن فوئاد مەعسومەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق هەروەها رایگەیاندووە، کە لیژنەی یاسایی سەرۆکایەتی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسەکانی دیکە دەکات و ئەو کەیسانەی واژۆش کراو، نێردراونەتەوە بۆ وەزارەتی داد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە.
بەپێی یاساکانی عێراق، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی تاوانباران، پێویستە سەرۆک کۆمار واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکات.
رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2014، نزیکەی 2200 قوتابیی هێزی ئاسمانیی عێراقی لە سەربازگەی سپایکەر لە دشاری تکریت کەوتنە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش. بەشێکیان لە کۆشکەکانی کۆماریی لە تکریت بە گوللە کوژران و بەشێکیشیان بە زیندویی ژێر خاک کران.
چەکدارانی داعش دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2014، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین (تکریت) و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
