ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا: بەغدا هەوڵی ناونووسکردنی خەڵک بۆ چوونە ڕیزی پەکەکە دەدات
ئەمڕۆ شەممە 13\8\2016، سالم شەبەک، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان هەبووە وەکو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لەو کۆبوونەوەیەدا گوتمان کە پەکەکە هێزێکی عێراقی نییە و قبوڵ ناکەین لە شەنگال بمێنێتەوە و گرفت بۆ پێشمەرگە دروست بکات، جگە لە هێزی پێشمەرگە رێگا نادەین هیچ هێزێکی دیکە لە شنگال بمێنێتەوە و پێشمەرگە شەنگالی ئازاد کردووە و تائێستاش لە چوارچێوەی دامەزراوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق دایە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە تەنیا پێشمەرگە بمێنێتەوە و پەکەکە دەبێت ئەو ناوچانە چۆڵ بکات”.
ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی عێراق زۆر ئەجێندای سیاسی هەیە، هەمیشە هاوکاریی ئەو لایەنانە دەکەن کە دەیانەوێت گرفت لە شنگال دروست بکەن، بەڵام ناکرێت ئەوانە وەک کارت بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ بەکار بهێندرێن، بۆیە دوو سبەی پڕۆژەیەک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت کە پەکەکە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، چونکە ئەوانە هێزی ناو عێراق نین و ناشکرێت لە ئازادکردنی مووسڵ هێزێک بەشداری بکات کە عێراقی نەبێت".
سالم شەبەک ئەوەشی ڕوون کردەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ئامادە بووە و پێیان گوتووە کە قەبوڵ ناکرێت هەر لایەنێک لە ئاستی خۆیەوە هێز دروست بکات. گوتیشی: “پەکەکە لە شنگال کێشە بۆ پێشمەرگە دروست دەکەن و حکوومەتی عێراقیش هاوکارییان دەکەن، ئەوەش مەترسیدارە”.
لە کۆتاییدا ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئەوەی ئاشکرا کرد کە حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات، بە هەر جۆرێک بێت، “هێزی چەکداری بۆ پەکەکە دروست بکات و خەڵکی بۆ ناونووس بکات”.
باسنیوز
