کەسێکی نزیکی پارێزگاری نەینەوا لە هەولێر خۆی کوشت

 کەسێکی نزیکی پارێزگاری نەینەوا لە هەولێر خۆی کوشت
پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، کەسێکی نزیکی پارێزگاری نەینەوا لە ناو شاری هەولێر، بە گوللە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.



ئەمڕۆ شەممە 13\8\2016، نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو، تەرمی گەنجێک بە ناوی سفوک وەتبان ئیبراهیم سوڵتان کە لە دایکبووی 1994ە، لە گەڕەکی وەزیرانی شاری هەولێر، لەنێو ئۆتۆمبێلێکی شیڤرۆلیت - ئۆپترا دۆزراوەتەوە و شوێنەواری گوللەیەک بە سەریەوە دیارە.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن، ڕووداوەکە خۆکوشتن بێت. گوتیشی: ”تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەرییە و هێشتا ڕادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە، لێکۆڵینەوەش دەستی پێ کردووە“.



بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەنجەی کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، کوڕی ئامۆزای نەوفڵ حەمادی سوڵتان، پارێزگاری نەینەوایە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: ”کەسێکی نزیکی ئەوە، بەڵام نازانین خوشکەزایەتی یان کوڕی ئامۆزای، لەگەڵ ئەوەش ئێمە وەکوو هەر کەسێک مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکە دەکەین“.








باسنیوز
Top