حەشدی شەعبی: چاوەڕێی فەرمانین بۆ هێرش كردنە سەر موسڵ

 حەشدی شەعبی: چاوەڕێی فەرمانین بۆ هێرش كردنە سەر موسڵ
گوتەبێژی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند بە خراپ باسكردنی هێزەکانیان هێڵی سوورە و ڕێگە نادەن لە هوتێلەکاندا تۆمەتیان بۆ دروست بکرێ. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان چاوەڕێی فەرمانن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ.

دوای ئەوەی ئوسامە نوجێفی سەرۆکی ئیئتیلافی موتەحیدون بۆ چاکسازی بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەسەتی لەندەنی ڕاگەیاندبوو كە تەواوی هێزە سوننەکان دژی بەشداریی حەشدی شەعبیین لە شەڕی ڕزگارکردنی شاری موسڵدا، کەریم ئەلنووری گوتەبێژی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند كە حەشدی شەعبی هێڵی سوورە و ڕێگە نادەن لە هوتێلەکاندا تۆمەتیان بۆ دروست بکەن. ئاماژەی بەوەش دا "ئەوان چاوەڕێی گڵۆپی سەوزن تا دەست بەئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بکەن".

نوجێفی ڕایگەیاندبوو "ئێمە دژی بەشداریی حەشدین، چونکە هەندێک لە لایەنەکانی ناو حەشدی شەعبی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان لە دیالە و سەڵاحەدین ئەنجام داوە و حکومەت نەیتوانی سزایان بدات، بۆیە خەڵکی موسڵ و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای هەڵبژێردراو بەشداری ئەو هێزانە ڕەت دەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو کارانەی لە پارێزگاکانی دیکە ئەنجامی داون لە موسڵیش دووبارە نەبنەوە".

لەمبارەیەوە، ئەلنوری ڕەخنەی لە سەرکردەکانی سوننە گرت بەوەی کە داوای بەشداریی سوپای تورکیا و ئەمریکا دەکەن بۆ ئازادیی موسڵ، بەڵام بەشداریی حەشدی شەعبی ڕەت دەکەنەوە.








باسنيوز
Top