سەلیم جبووری کارێکی چاوەڕواننەکراو دەکات
رێبوار تەها، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " کاژیری 15:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتی ئامادەبوونی لە لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان گوتی: لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی پەرلەماندا موفاجەئەم دەبێت و، کارێک دەکەم هیچ سەرۆک پەرلەمانێکی عێراق پێش من نەیکردبێت".
رێبوار تەها، هەروەها گوتی " لیژنەکەمان رۆژی سێشەممە راپۆرتێکی سەرەتایی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات نەک راپۆرتی کۆتایی، چونکە هێشتا کەسانی دیکە ماون لیژنەکە بانگهیشتیان بکات و قسەیان لەگەڵدا بکات".
ئەو هەروەها دووپاتی کردەوە کە سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە دووپاتیکردووەتەوە، تاوەکو لە دادگا بێتاوانیی نەسەلمێنێت، ناگەڕێتەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دانیشتنەکانی پەرلەمان بەڕێوەنابات.
رۆژی 1-8-2016 لەکاتێکدا خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتاران بانگهێشتی دادگا کرا بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، خالید عوبەیدی چەند کەسێکی بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد و یەکێک لەو کەسانەش کە تۆمەتباری کردن سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو کە ئەو کاتە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، لە ئەنجامدا سەلیم جبووری دانیشتنەکەی بەجێهێشت و هەر هەمان کات لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەموو تۆمەتەکانی رەتکردنەوە.
rudaw
