جبووری ناکۆکی دەخاتە نێوان سونە و شیعەوە

 جبووری ناکۆکی دەخاتە نێوان سونە و شیعەوە
دوای ئەوەی خالد عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران تۆمەتی گەندەڵی دایە پاڵ سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێکی تر، دواتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵاتی بۆ دەرکردن، ئێستە گرژی كەوتووەتە نێوان لایەنە شیعە و سوننەکانی عێراق.

لەمبارەیەوە، سەلیم جبوری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە "ئەگەر تۆمەتەکانی عوبەیدی لەبارەی ئەوەی دەستم لە گەندەڵیدا ڕاست بێت، (کە ئەستەمە ڕاست بن)، ئەوا دەیدەمە دادگا، چونکە چاوپۆشی کردووە لەو دۆسیەیە تا ڕۆژی بانگکردنی بۆ پەرلەمان، ئەگەر ناڕاستیش بن، هەر دەیدەمە دادگا، چونکە ئەمە دەکەوێتە چوارچێوەی ناوزڕاندنەوە".

لەمبارەیەوە، هاوپەیمانیی یەکێتی هێزە عێراقییەکان (سوننە) بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجێفی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند پرسی لەسەر کار لابردنی سەلیم جبوری لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەڵپەسێردراوە تا دۆسیەکە لە دادگا یەکلایی دەکرێتەوە. هەروەها هاوپەیمانێتییەکە بریاری داوە ئەنجومەنێک بۆ بەڕێوەبردنی هەر شەش پارێزگا سوننەنشینەکان لە عێراق پێکبهێنرێ و ئامادەکاری بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنەکە بکرێت.







باسنيوز
Top