دادگایەکی پایتەخت داوای ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی عێراق دەکات

 دادگایەکی پایتەخت داوای ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی عێراق دەکات
دادگایەکی شاری بەغدای پەیتەختی عێراق داوای ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی عێراق دەکات.

رۆژی یەکشەممە 7ـی ئابی 2016، عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریی عێراقی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە دادگای کەرخ بە پێی ماددەی 433ـی یاسای سزادانی عێراق، داوای ئامادەبوونی لە خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق کردووە.

ماددەی 433ـی یاسای سزادانی عێراقی سزای دارایی و بەندکردن بەسەر ئەوانەدا دەسەپێنێت، کە تۆمەت یاخود تاوانێک دەخەنە پاڵ کەسانی دیکە.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق رایگەیاند،کە ئەنجومەنی دادوەریی باڵا دەستەیەکی دادوەریی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە گوتەکانی خالید عوبەیدی لە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2015، کە دانیشتنەکە بە شێوەیەکی نهێنی بەڕێوەچوو.

هەفتەی رابردوو، لە میانی لێپرسینەوە لە خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق لە پەرلەمانی عێراق، عوبەیدی سەرۆکی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێکی بە گەندەڵی تۆمەتبار کرد و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بڕیاری دا گەشتی دەرەوەی وڵات لە جبوری و هەموو ئەوانەی عوبەیدی ناوی هێنان، قەدەغە بکرێت.ا











باسنيوز
Top