سێ کەس بۆ جێگرەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشنیاز دەکرێن

 سێ کەس بۆ جێگرەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشنیاز دەکرێن
شەوی رابردوو هێزە سوننیەكانی عێراق بەمەبەستی دیاریكردنی كەسێك بۆ شوێنەكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە ماڵی ئوسامە نوجێفی كۆبوونەوەو 3 كەسیان بۆ جێگرەوەی سەلیم جبووری پێشنیار كردووە.



میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە شەوی رابردوو هەریەكە لە ساڵەح موتڵەگ‌، ئوسامە نوجێفی لە ماڵی ئوسامە نوجێفی كۆبوونەتەوە بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ شوێنەكەی سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.



ئەم بڕیارە پاش ئەوە هاتووەکە کە سەلیم جبووری لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە بە تێوەگلان لە گەندەڵی تۆمەتبار كراوە.



بەپێی زانیارییەكان لە دانیشتنەكەدا چەند كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشنیاز كراون كە بریتی بوون لە مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی عێراق‌، ئەحمەد ئەلمەساری ‌و محەمەد تەمیمی وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق.



زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەدەن لە دانیشتنەكەدا كاندیدكردنی مەحموود مەشهەدانی رەت كراوەتەوە بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی ئێرانەوە و ئەحمەد ئەلمەساری لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانییەوە رەت كراوەتەوەو هاوپەیمانی سوننەكان ڕازی بوون لەسەر دانانی وەزیری پێشووی پەروەردەی عێراق.



هاوكات بەهۆی ناكۆكی لەسەر دانانی كاندیدەكان دانیشتنەكە بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە دوا خراوە.



دووشەممەی رابردوو 1/8/2016 خالد عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەیەك سەرۆكی پەرلەمان ‌و ئەندامی پەرلەمان ‌و راوێژكاری بە گەندەڵی تۆمەتبار كرد و دواتریش لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە فەرمانی قەدەغەكردنی چوونە دەرەوەی وڵاتیان بۆ دەرچووە.






باسنیوز
Top