بەغدادی سەرپەرشتیی هێرشێک بۆ سەر بەغدا دەکات

 بەغدادی سەرپەرشتیی هێرشێک بۆ سەر بەغدا دەکات
سوپای عێراقی هێرشێکی گەورەی رێکخراوی توندڕەوی داعشی بە سەرپەرشتیی خەلیفەی رێکخراوەکە بۆ سەر شاری بەغدای پایتەختی عێراق، تێک دەشکێنێت.

رۆژی هەینی 5ـی ئابی 2016، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە بۆ یەکەمجار چەکدارێکی ئێرانیی داعشیان لە شاری بەغدا کوشتووە، کە بە "ئەبو ماریا" بانگ دەکرا.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، کە شکستیان بە پلانێکی مەترسیداری داعش بۆ سەر بەغدا هێناوە، کە رێکخراوەکە بە نیاز بوو بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و خۆکوژ، شارەکە بکاتە ئامانج.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش سەرپەرشتیی هێرشە خۆکوژییەکانی دەکرد و پلانی بۆ دانابوو، بەڵام "شانەی هەڵۆکانی عێراق" پلانەکەی داعشی شکستپێهێنا، کە رێکخراوەکە ناوی نابوو "غەزووی بەغدا/ رزگار کردنەوە".

بەپێی بەیاننامەکە، فڕۆکە جەنگییە F16ـە کانی عێراق ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانی داعشیان لە ناوچەی کەرابلە لە شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار بۆردومان کردووە، کە بووەتە هۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان و کوژرانی 19 چەکدار و خۆکوژی داعش، کە یەکێکیان سەرکردەیەکی رێکخراوەکە بوو بە ناوی ئەبو قەتادەی ئەنساری و یەکێکی دیکەش ئێرانی بوو، بە ناوی ئەبو ماریا.







باسنيوز
Top