داعش رۆژانە چەند گەنجێك دەكوژێت

 داعش رۆژانە چەند گەنجێك دەكوژێت
تیرۆریستانی داعش، بڕیاریان دا هەر كەسێك لە ژێر دەستەڵاتی ئەوان رابكات، دەیكوژن، ئەفسەرێكی سوپای عێراقیش دەڵێ، رۆژانە چەندین گەنج بە گوللـەی تیرۆریستانی داعش دەكوژرێن.

رائید (ئەمین شێخانی)، ئەفسەری كورد لە سوپای عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ناحیەی گەیارە و دەوروبەری، داعش خەڵكەكەی گەمارۆ داوە بۆ ئەوەی ناوچەی ژێر كۆنتڕۆڵی ئەوان چۆڵ نەكەن و بەرەو هەرێمی كوردستان بێن، ئەوەیش بووەتە هۆكاری ئەوەی ئێستا ژن و منداڵ ناتوانن راكەن لە ژێر چنگی تیرۆریستان، تەنیا رۆژانە نزیكەی 60 گەنج بەرەو سنووری ئێمەدێن، بەڵام تیرۆریستانی داعش لە كاتی بینینی هەڵهاتنیان لەناو زێی گەورە تەقە لەو گەنجانە دەكەن و رۆژانە چەندین گەنج بەو هۆیەوە دەكوژرێن".

(شێخانی) گۆتیشی: "داعش ژمارەیەك بۆمبی چێندراوی لە ناوچەكەدا داناوە، ئەوەیش بووەتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر هێزەكانمان، لە گوندی عۆسجەی نزیك گەیارە خانوویەك بە هۆی تەقینەوەی بەسەر ژمارەیەك سەربازی سوپادا ڕووخاوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك سەرباز بریندار بوونە".








KDP
Top