سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی: بڕیارەکانمان لە خامنەیی وەردەگرین
ئەبو ئالا ئەلوەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەی (سەید ئەلشوهەدا)، کە یەکێکە لە گرووپەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە کەتیبەی سەید ئەلشوهەدا کەتیبەیەکی بیروباوەڕییە و هیچ پەیوەندییەکی بە زەوقی سیاسەتمەدارانی عێراقییەوە نییە.
ئەبو ئالا ئەلوەلائی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەوان بەشێکن لە سیستەمی ویلایەتی فەقیه لە ئێران و راستەوخۆ سەر بە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و فەرمانەکانیان لەو وەردەگرن.
دوای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش و داگیرکردنی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 و شکستهێنانی سوپای عێراق، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی لە گەنجانی شیعە پێکهێنا.
دوای دروستبوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کە حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و راستەوخۆ سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتمەدارانی سوننەی عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ئەنجام دانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی تاوانبار دەکەن و بۆ ئەمەش گرتە ڤیدیۆییەکان بە بەڵگە دەهێننەوە، کە دوای رزگار کردنەوەی ناوچە جیاوازەکان، چەکدارانی حەشدی شەعبی بە زیندوویی هاووڵاتییە سوننەکان دەسووتێنن و بە چەقۆ و بە ئازارەوە دەیانکوژن.
باسنيوز
