عەبادی گەشتکردن لە سەرۆک و چەند پەرلەمانتارێک قەدەغە دەکات
بەپێی بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەموو ئەو کەسانەی لەلایەن خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراقەوە ناویان هات، قەدەغەی هاتوچۆ و گەشتکردن دەیانگرێتەوە.
بڕیارەکە، کە لە پەیجی تایبەتیی حەیدەر عەبادی بڵاو کراوەتەوە، قەدەغەکردنی هاتوچۆی دەرەوەی وڵاتی ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە ”بەشێوەیەکی کاتییە و تاوەکو لێکۆڵینەوە لە راستیی تۆمەتەکان تەواو دەبێت“.
رۆژی دووشەممە 1ـی ئابی 2016، خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق لە میانی دانیشتنی لێپرسینەوە لێی لە پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک گەندەڵیی پەرلەمانتارانی پێشوو و ئێستا و سەلیم جبووریی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی ئاشکرا کرد.
خالید عوبەیدی ناوی هەریەکە لە سەلیم جبووری و پەرلەمانتاران محەمەد کەربولی، حەنان فەتلاوی، عالیە نوسەییف، حەیدەر مولا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی عێراقی هێنا و بە گەندەڵیی تۆمەتباری کردن.
وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ”گەندەڵییانە“، رۆژی دووشەممە حەیدەر عەبادی داوای لە دەستەی نەزاهەی عێراقی کردووە، کە لێکۆڵینەوە لەو ناوانە و ئەو ”تۆمەتانە“ بکات، کە لە دانیشتنەکەی پەرلەمان لەلایەن خالید عوبەیدییەوە ئاشکرا کران.
باسنیوز
