سۆران سێوكانی: ژنە موجاهیدە دژە کورد و پاڵەوانەکانی عێراق گەندەڵ دەرچوون
سێوكانی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نووسیویەتی "یەع لە عێراقی فریادڕەس، هەموو پاڵەوانەکانیان گەندەڵ دەرچوون، لە پێش هەموویانەوە ژنە موجاهیدانی دژە کورد، حەنان فەتلاوی و عالیە نوسەیف".
سێوكانی دەستخۆشی لە پەرلەمانتارانی كوردیش دەكات، كە ئەمڕۆ نێویان لە لیستی گەندەڵەكاندا نەهات.
ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی سەلیم جبووری و ئامادەبوونی 182 ئەندام پەرلەمان، دانیشتنێكی بۆ لێپرسینەوەی خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق ساز كرد و دانیشتنەكە ئاڵۆزی تێكەوت.
وەزیری بەرگریی عێراق لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەراندا چەند دزی و گەندەڵییەكی بەپرسان و پەرلەمانتارانی عێراقی ئاشكرا كرد. لەوانەش هی حەنان فەتلاوی و عالیە نوسەیف كە بەدژایەتی مافەكانی كورد ناوبانگیان پەیدا كردووە.
عوبەیدی لە دانیشتنەكەدا سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەچەند كەیسێكی گەندەڵی تۆمەتبار كرد، بەو هۆیەوە سەلیم جبووری دانیشتنەكەی بەجێ هێشت.
هەروەها پەرلەمانتار محەمەد كەربوولی بە سازش لەسەر هەڵوەشاندنەوەی لێپرسینەوەكان و موسەنا سامەڕایی بە سازش لەسەر بۆندەكانی وەزارەتی بەرگری تۆمەتبار كرد.
هەروەها حەنان فەتلاوی و عالیە نسەیەفی تۆمەتبار كرد كە چەند جارێك ویستبوویان ناسیاو و خزمی خۆیان لە شوێنێكی دیاریكراوی وەزارەتی بەرگری دابمەزرێنن.
basnews
