عەبادی داوای لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییە ئاشکراوەکان دەکات

 عەبادی داوای لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییە ئاشکراوەکان دەکات
وەزیری بەرگریی عێراق لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، ژمارەیەک گەندەڵی و ناوی بەرپرسان ئاشکرا دەکات و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش داوای لێکۆڵینەوە دەکات.

رۆژی دووشەممە 1ـی ئابی 2016، خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق ئامادەی دانیشتنێکی پەرلەمانی وڵاتەکەی بوو، کە بۆ لێپرسینەوە لێی، تەرخان کرابوو.

خالید عوبەیدی لە میانی دانیشتنەکەدا، ناوی هەریەکە لە سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد کەربولی، حەنان فەتلاوی، عالیە نسەیەف، حەیدەر مولا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی عێراقی هێنا و رایگەیاند، هەندێکیان پێشنیازیان کردووە گرێبەستەکانی تایبەت بە دابینکردنی خۆراک بۆ هێزە ئەمنییەکان بەوان بدرێت.

وەزیری بەرگریی عێراق هەروەها ئاشکرای کرد، کە ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە چەندین گەندەڵییان کردووە و هەوڵیان بۆ داوە و نموونەی بەوە هێناوە، کە حەیدەر موللا داوای دوو ملیۆن دۆلاری لێکردووە، تاوەکو شکست بە دانیشتنی تایبەت بە لێپرسینەوە لە عوبەیدی لە پەرلەمانی عێراق بهێنێت، کە حەنان فەتلاوی داوای کردبوو.

وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ”گەندەڵییانە“، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە دەستەی نەزاهەی عێراقی کردووە، کە لێکۆڵینەوە لەو ناوانە و ئەو ”تۆمەتانە“ بکات، کە لە دانیشتنەکەی پەرلەمان لەلایەن خالید عوبەیدییەوە ئاشکرا کران.








باسنيوز
Top