وەزیری بەرگریی عێراق تۆمەتی گەندەڵی دایە پاڵ جبووری و فەتلاوی و نسەیەف

 وەزیری بەرگریی عێراق تۆمەتی گەندەڵی دایە پاڵ جبووری و فەتلاوی و نسەیەف
وەزیری بەرگریی عێراق ناوی چەند بەرپرسێکی باڵای عێراقی هێنا و بەوە تۆمەتباری کردن کە داوای گەندەڵییان لێی کردووە، لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەی جێهێشت.

کەمێک پێش ئێستا (دووشەممە 1\8\2016)، سۆزان بەکر، ئەندامی کوردی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق، بە مەبەستی پرسیارکردن و ئیستجواب بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق کرابوو، بەڵام ئەو پاش ئەوەی هەستی کرد کە تۆمەتی گەندەڵی دەدرێتە پاڵ، ناوی چەند بەرپرسێکی ئاشکرا کرد و بەوە تۆمەتباری کردن کە پێشنیازی گرێبەستی گەندەڵییان خستووەتە بەردەم.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی بۆ ئاشکرا کرد: ”وەزیری بەرگریی عێراق، ناوی سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد کەربولی، حەنان فەتلاوی، عالیە نسەیەف، حەیدەر مولا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی عێراقی هێنا و گوتی هەندێکیان پێشنیازیان کردووە کە گرێبەستەکانی تایبەت بە دابینکردنی خۆراک بۆ هێزە ئەمنییەکان بەوان بدرێت“. ڕوونیشی کردەوە کە پاش تۆمەتەکانی وەزیری بەرگریی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەی جێهێشتووە و لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەش لە لایەن پەرلەمانەوە سەبارەت بەو تۆمەتانە پێکهێندراوە و ئێستا ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەبات.









باسنیوز
Top