وەزیری ناوخۆی دەست لەکار کێشاوەی عێراق چەند نهێنییەک ئاشکرا دەکات
محەمەد سالم غەبان، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق رۆژی یەکشەممە 31ـی تەمموزی 2016 راگەیاند:
کە لە چەند مانگی رابردوودا وەزارەتەکی پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کەلێنە ئەمنییەکان و کێشەکان دانابوو، بەڵام بەهۆی دەست لەکار کێشانەوەی خۆی و قبووڵکردنی دەست لەکار کێشانەوەکە لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، ”جێبەجێکردنی پلانەکە تووشی ئاستەنگ و رووبەڕووبوونەوە بوو“.
محەمەد سالم غەبان هەروەها رایگەیاند، کە چەندین ئەفسەر بە پلەکانی فەریق و لیوا لە ناو وەزارەتەکەیدا هەن، کە کار بۆ حزبەکانیان دەکەن نەوەک پاراستنی ژیان و سەقامگیریی ئاسایشی هاووڵاتییان، بەمەش مانەوەی خۆیان لەسەر کورسییەکانیان مسۆگەر کردووە.
وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر دەستوەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بنبڕ نەکرێت و کەلێنە ئەمنییەکان چارەسەر نەکرێن، ئەوا ”کاریگەریی بەسەر ئاسایشی وڵات دەبێت“.
دوای تەقینەوەی بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو لە بازاڕێکی گەڕەکی کەڕادەی شاری بەغدا، محەمەد غەبان، وەزیری ناوخۆی عێراق دەست لەکار کێشانەوەی خۆی راگەیاند و سەرۆک وەزیرانیش پەسەندی کرد.
بەرەبەیانی رۆژی 3ـی تەمموزی 2016، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بازاڕێکی گەڕەکی کەڕادە رووی دا و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 150 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 168 کەسی دیکە.
رێکخراوی توندڕەوی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقاندنەوەی بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو لە بازاڕێکی قەرەباڵغی گەڕەکی کەڕادە راگەیاند.
باسنیوز
