لە شەڕی موسڵ پێشبینی ئاوارەبوونی ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەكرێت

 لە شەڕی موسڵ پێشبینی ئاوارەبوونی ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەكرێت
عەدیلە حەموود، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق رۆژی یەكشەممە 31-7-2016 لەگەڵ لیژنەی تەندورستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە و، پێشبینییان كرد لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ پێشبینی ملیۆنێك و 500 هەزار كەسی دیكە ئاوارە ببن.

بەختیار شاوێس، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند "وەزیری تەندروستی باسی لە ئامادەكارییەكانی ئازادكردنی موسڵ كرد و پێیگوتین پێشبینی ئاواربوونی میلۆنێك و 500 هەزار كەسی دیكە دەكەن، بۆیە لەڕووی تەندروستییەوە هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە".

لە كۆبوونەوەكەدا باسی تەقینەوە خوێناوییەكەی كەڕادە كراوە و وەك بەختیار شاوێس باسیكرد، وەزیری تەندروستی رایگەیاندووە "208 تەرم بەهۆی سووتان و شێواوی تاوەكو ئێستا نەناسراونەتەوە، چونكە پێشبینی بەكارهێنانی ماددەی كبریت لەو تەقینەوەیە دەكرێت".

سەبارەت بە ناردنی كەمی پشكی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو پەرلەمانتارە كوردە گوتی "بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەموو عێراق دابینكردنی دەرمان كەمی كردووە، لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر كەمی كردووە، چونكە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارەی لێیە، لە كۆبوونەوەكەشدا وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە كەمی دەرمان و پێداویستی لە سەر ئاستی هەموو عێراق كرد".



رووداو-
Top