پەرلەمانتارێک: نابێت هێزی وشکانی ئەمریکا لە شەڕی موسڵ بەشداری بکات
ئیقبال عەبدلحوسێن، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی راگەیاند بەشدارییکردنی هێزی وشکانی سوپای ئەمریکا لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رەتدەکەینەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، پێشوازی لە هەر هاوکارییەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەمریکاش بەشێکە لەو هاوپەیمانییە، لە پێدانی مەشق، راهێنان، راوێژ و پێداویستی سەربازی، بەڵام بەشدارییکردنی هەر هێزێکی وشکانی بینانی بە سوپای ئەمریکاشەوە رەتدەکەینەوە.
پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا، کە بەشێکن لە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان دەڵێت هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەبێت حکومەت و پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات، ناکرێت هیچ هێزێکی بیانی سووربێت لەسەر بەشدارییکردن لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، چونکە ئەمە پرسێکی تایبەت بە عێراقییەکانە، نەک هێزێکی دەرەکی.
رووداو-
