هۆکاری نیشتنەوەی فڕۆکە عێراقییەکە لە کوێت ئاشکراكرا
میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی 767ی هێڵی ئاسمانی عێراقی بە دەیان سەرنشینەوە لە بەغداوە بەرەو دلهی لە رێگەدا بووە، بەهۆی لەکارکەوتنی یەکێک لە بزووێنەرەکانیشی بە ناچاری لە کوێت نیشتووەتەوە.
دلهی، پایتەختی سیاسی وڵاتی هیندستانە، لەدوای مۆمبای دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە و دەکەوێتە باکووری هیندستان، هەروەها هەشتەم شاری جیهانە لەڕووی چڕی دانیشتوواندا.
پێشتر میدیاکانی کوێت بڵاویانکردەوە، ئیدارەی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی کوێتی، لەلایەن فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی ئاگادارکراوەتەوە، کە پێویستە بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوێت بنیشێتەوە.
ئیدارەی فڕۆکەخانەکە دەستبەجێ ئامادەیی خۆیان نیشانداوە و تەواوی ئامادەکارییەکانی نیشتنەوەیان بۆ فڕۆکە عێراقییەکە فەراهەم کردووە.
لە فڕۆکەخانەکەدا 15 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری سەرەتایی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر رووداوێکی لەناکاو.
