عیراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی دورگەی خالیدییەی راگەیاند

عیراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی دورگەی خالیدییەی راگەیاند
سوپاو هێزە عیراقییەكان كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی دورگەی خالیدیە-یان لە باكوری رۆژهەڵاتی رومادی لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند، پێش ئەو وادەیەی دایان نابوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی.

ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی هەیئەی حەشدی شەعب وتی "دورگەی خالیدییە ئێوارەی ئەمڕۆ بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە، پاش دوو رۆژ لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی، لەكاتێكدا سێ رۆژمان بۆ دانابوو".

دوورگه‌ی خالیدیه‌ ٨٠ كیلومه‌تر له‌ به‌غدای پایته‌ختی عیراقه‌وه‌ دوره‌، ده‌كه‌وێته‌ نێوان شاری به‌غدا و فه‌لوجه‌، زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ مه‌زهه‌ب‌و له‌عه‌شیره‌ی دلێمن.

هاوكات سوپای عیراق لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، دوای ئازادكردنی ئاڵای عیراق لەسەر باڵەخانەكانی دورگەكە بەرزكرایەوە.

ئەبو مەهدی موهەندیس كە فەرماندەیەكی باڵای حەشدی شەعبییە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو چەكدارانەی داعش كە لەو دورگەیە بوون بیانی بوون و له‌باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ئاسیا‌و له‌باشوری‌ رۆژئاوای‌ ئاسیاوه‌ هاتبوونە عیراق.

موهەندیس وتی "بە كۆنترۆڵكردنی دورگەكە لە شوێنێكی دیكەوە گەیشتینەوە روباری فورات كە داعش سودی زۆری لێدەبینی بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی، پلانی داهاتوو پاككردنەوەی هەموو پارێزگای ئەنبارە وەكو دەوروبەری هیت، دواتر بە فەرمانى فەرماندەى گشتی هێزە چەكدارەكان ئامادەی گرتنەوەی موسڵ دەبین".

دوورگه‌ی خالیدیه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی‌ ٢٠١٤وه‌ له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرا.



خەندان-
Top